mardi 17 mars 2020

کورتەیەک لە ڕۆمانی ((خەونی پیاوە ئیرانییەکان)) - ماردین ئیبراهیم



ناوی کتێب: خەونی پیاوە ئیرانییەکان
ناوی نووسەر: ماردین ئیبراهیم
بابەت: ڕۆمان
دزگای چاپ و بڵاوکردنەوە: ئەندێشە - سولێمانی
نۆبەتی چاپ: چاپی سێیەم 2016
ژمارەی لاپەڕە: 188 لاپەڕە

نووسەر

ماردین ئیبراهیم، شاعیر و ڕۆماننووس و وەرگێڕ.

ڕۆمانی ((خەونی پیاوە ئیرانییەکان))
دیوی دەرەوەی

ڕۆمانەکە، لە ساڵی 2016 چاپی سێیەمی بڵاوکراوەتەوە. لە سێ بەش پێکهاتووە، هەر بەشێکیش لە چەند سێنێک پێکهاتووە. لە هەر سێنێکدا، باسی ژیانی کەسێک دەکات، بە جۆرێک، بە خوێندنەوەی تێکڕای کتێبەکە، خوێنەر ناوەڕۆکی ڕووداوی ڕۆمانەکانی بۆ ڕوون دەبێتەوە. بەڕگەکەی وێنەیەکی هونەرەی لەسەرە، بە جۆرێکە هەست دەکەیت تابڵۆیەکە، ڕێک ئاماژە بە ناوەڕۆکی کتێبەکە دەکات. 

تایتڵ

ماردین، تایتڵی ڕۆمانەکەی لە خەونی سێ پیاوی ئیرانی دروستکردووە، کە جێگایەکیان لە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەدا گرتووە و باسیان دەکرێت. ئاماژە دەکات بە خەونی سێ پیاوی ئیرانی، خەڵکی مەشهەدن، کە هەمان خەون دەبینن لە بارەی منداڵێک لە ئەربائیلۆ (هەولێر)، ئەو مناڵە دەبێتە ببردرێتە دەرەوەی قەڵاکە تا ژیانی بپارێزرێت، ئیتر ئەو سێ پیاوە ئیرانییە بڕیار دەدەن بچەنە ئەربائیلۆ، تا بە باوکی بڵێن کە ژیانی مناڵەکە لە مەترسی دەایە، دەبێت لە دەرەوی قەڵات بپارێزرێت، تاوەکو ئەو مناڵە لە دوایی ببێتە فریادرەسی دەستنوسێک. بۆ تێگەیشتنی زیاتر، ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بخوێنەوە.  

ناوەڕۆک

بە شێوەیەک، ئەم ڕۆمانە باس لە چۆنیەتی پاراستنی دەستنووسی ((مەم و زین)) ی ئەحمەدی خانێ دەکات، لە جزیرە و بۆتان، لە سەردەمی عوسمانییەکان تا ساتی بە چاپگەیاندنی لە کوردستانی عێراق: چۆن لە سەردەمی عوسمانییەکان، ئەحمەدی خانێ سێ کۆپی لە دەستنووسەکە کردووە، چۆن دەستەی خەنجەرەکانی شەو هەوڵی لەناوبرنی دەستنووسەکەیان داوە، چۆن ئەحمەدی خانی لە حەشمەت دزران و فەوتانی دەستنووسەکە دەمرێت، چۆن دواترین دەستنووس لە لایەن پیاوێکی ماڵاتی بە ناوی ((شەوکەت)) دەبردرێت، ئینجا هەر لەلایەن هەمان کەس دەپارێزرێت و وەسیەتی پاراستنی دەکرێت، چۆن دەستنووسەکە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەپارێزرێت، چۆن دواترین دەستنووس دەگات بە ((لاس))، کارەکتەرێکی ڕۆمانەکە، چۆن لاس لەسەر دەستنووسەکە دەکوژرێت، دواجار چۆن دەستووسەکە، لە ساڵانی دواتر دەگات بە کارەکتەرێکی تری ڕۆمانەکە ((میلیاس))، ئینجا چاپ دەکرێت و بڵاو دەکرێتەوە.

بە شێوەیەکی تر، ئەم ڕۆمانە باسی پەرتەوازەبوونی خێزانێکی کوردی عێراق دەکات لە ساڵانی هەشتاکان، باسی سەرەتای ژیانیان دەکات لە ئەربائیلۆ ((هەولێر)) و ژیانی دواتریان لە ئاوارەیی لە بەریتانیا،  باسی چۆنەیتی گەیشتنیان بە ئەوڕوپا دەکات، باسی خۆشەویستی ئۆفیلیا و میلیاس دەکات، کە دوو نەوەی ئەو خێزانەن. هەروەها، باسی ژیانی ئاوارەیی کوڕێکی ئەلبانی دەکات، کە چۆن لە شەڕی سربیەکان و ئەلبانیەکان، ژیانی تێکدەچێت و بۆ ئازادبوونی، خۆی دەکەینێتە بەریتانیا،  وە چۆن لەگەڵ ئەو خێزانە ئاشنا دەبێت و تێکەڵیان دەبێت. 

ڕووداوەکان   

کچێکی بەریتانی، دوای تەواو کردنی خوێندنی دەرووناسی لە زانکۆیەکی لەندان،  پێچەوانەی خووی ژیانی ئاسایی، بڕیاردەدات لەگەڵ هاوڕێکانی بچێتە باڕ چەند ساتێکی خۆش بەڕێبکات، لەوێ بلیتێکی یانسیب دەکڕێت، شەنس یاوەری دەبێت و پارەیەکی زۆر دەباتەوە، بە پارەکە سەنتەرێکی بۆ کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی خەمۆکی دەکاتەوە. ڕۆژێک، کچێکی لاو  کە ناتوانێت قسەبکات، لەگەڵ دایکی دێنە سەنتەرەکە. کچەکە لە لایەن دایکییەوە لە بنکەکە ناونووس دەکرێت. کچەکە ناوی ((ئۆفیلیایە))، شەش مانگ لەسەنتەرکە دەمێنیتەوە. لەم ماوەیە ئۆفیلیا داوا لە کچە بەریتانییەکە دەکات کە چەند پەڕ و قەڵەمێکی پێ بدات، چونکی نیازی بوو کتیبَک بنووسێت. دواجار، ئۆفیلیا کتێبەکە تەواو دەکات و دەیدات بە کچە بەریتانییەکە. دوای ئەوە باری دەروونی ئۆفیلیا خراپتر دەبێت و بۆ نەخۆشخانە دەگوازرێتەوە؛ دەمرێت یان شێت دەبێت نازانین، بەڵام ئەوەی گرنگە کتێبەکەیە.  ئۆفیلیا چی نووسیووە؟ چۆن گەیشتووە بەم بارەی ئێستایی؟ ئیتر ئەو کچە بەریتانییە، ئەو کتێبە بڵاودەکاتەوە.

ئۆفیلیا، لە دایکێکی کورد و باوکێکی ئینگلیزە. تا تەمەنی شازدە ساڵی دەخوێنێت و لە ترسی ڕەگەز پەرستی ئینگلیزەکان لە خوێندن دەوەستێت و لەگەڵ باوکی لە دوکانی عەترفرۆشتن دەست دەکات بە کارکردن، باوکی لە گوڵ و گیایی کێوی بۆن و دەرمان دروست دەکات. ڕۆژێکیان، باوکی لە لایەن چەند سەرخۆشێکی ئینگلیز لە دوکانەکەی دەکوژرێت، بە بینینی ئەم دیمەنە، ئۆفیلیا توانای قسەکردن لە دەست دەدات.

ئۆفیلیا میلیاسی خۆش دەوێت، کوڕی پووریەتی. هەر لە مناڵییەوە بەیەکەوە خوێندوویانە و گەورە بوونە، بەڵام باوکی میلیاس، خانی، پیاوێکی ناجێگیر و پڕ لە نهێنییە، لە کوردستانی عیراق ڕایکردووە: لە هەشتاکان، ژن و مناڵیکی هەبووە، لە ئەربائیلۆ ((هەولێر))، لە قەڵات دەژیا، ڕۆژێک سێ پیاوی ئیرانی، لە مەشهەدەوە دێنە لای، پێی دەڵێن هەرسێکیان هەمان خەونیان بینییوە، بەگوێرەی خەونەکەیان دەبێت مناڵەکەی بباتە دەروەی قەڵات ئەگیان دەکوژرێت، کاتێکیش مناڵەکە ڕزگاری دەبێت، دەبێتە فریادرەسی دەستنووسێک. هێشتا سێ پیاوە ئیرانییەکە، خانییان جێ نەهێشتووە، لە لایەن چەند چەتەیەکی ئەو کاتەی هەولێر، پەلامار دەدرین، خانی خۆی ڕزگار دەکات، بەڵام سێ پیاوە ئیرانییەکە و ژنەکەی لە لایەن چەتەکانەوە دەبردرێن، ژنەکەی دەدەنە ئاسایش و کەس نازانی چی بەسەر دێت، هەرچی سێ پیاوە ئیرانییەکەی لە لایەن چەتەکانەوە سەریان دەبڕدرێت بە پارە، سەرەکانیان بە حکومەتی ئەوکاتی عێراق دەفرۆشنەوە.

 خۆشبەختانە، بەر لەهاتنی چەتەکان، ژنەکە مناڵەکەی لە لای ژنێکی نەزۆکی جیرانەکەیان دانابوو، بۆیە چەتەکان ئەو نادۆزنەوە. ئیتر ئەو منداڵە، لاس، لە لای ئەو ژنە بەخێودەکرێت. خانیش هەرگیز بۆ ناو قەڵا ناگەڕێتەوە و دەچێتە چیاکان و لە ریزی پێشمەرگە دژی حکومەت خەبات دەکات. لەوێش لە دەستی نادادپەروەری، بێزار دەبێت، ڕوو لە هەندەران دەکات و دەچێتە بەریتانا، ژیانی هەوسەرگیری لەگەڵ پووری ئۆفیلیا پێکدەهێنێت و مناڵێکی دەبێت بە ناوی ((میلیاس)).

لاس گەورە دەبێت، شاعیرە، لە چایخانەی مەچۆکۆ دادەنیشێت، عاشقی کچێیکە بەناوی ((دەنکە هەنار))، کوڕەمامەکانی ئەو کچە، هەمان ئەو چەتانەن کە دایکی و پیاوە سێ ئیرانییەکانیان کوشت. کچەکە لە سەر میرات، لەگەڵ کوڕە مامەکانی پەیوەندییەکی باشی نابێت، لە هەمان کات، ڕۆژێک لەگەڵ لاس لە پاڕکێک لە لایەن کوڕە مامێکی دەبینرێت، ئەوەش مەرگی دەنگە هەنار مسۆگەر دەکات. ئیتر لاس بێزار دەبێت، ڕوو لە ئیران دەکات، لەوێشەوە بۆ ئیتاڵیا. لەوێ ئیلیا، دەناسێت، کوڕێکی بۆسنیاکییە، هەردووکیان لە ڤێنسیاوە بەرەو ڕۆم دەڕۆن، ئینجا بۆ بەریتانیا. لاس دوای گەیشتن و قسەکردن لەگەڵ خانی، لەگەڵ باوکی، بە ماوەیەک بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە. خانی باوکی دەمرێت و نووسراوێک بۆ میلیاس جێدەهێڵت، ئیتر میلیاس هەموو ڕاستیەکان دەزانێت. بەڵام لاس، کاتێک دەگەڕێتەوە کوردستان، بە ماوەیەک دەچێتەوە مەشهەد و بە گوێرەی خەونی سێ ئیرانییەکە، دەچێت دەستنووسەکە بهێنێت. ئەو دەستنووسە ((مەم و زینە)). باشە ئەو دەستنووسە لەکوێ هات؟ چۆن گەیشتە ئێرە؟

لە سەدەی حەڤدەم، لە ژێر فەرمانڕاوایەتی عوسمانیەکان، دەستەیەک هەبوو بەناوی ((دەستەی خەنجەرانی شەو))، هەرچی دەستنووسی دانسقە بوایە لەناویان دەبرد. ئەحمەدی خانێ، هەستی بەمە کردبوو، بۆیە سێ نووسخەی لە دەستنووسی ((مەم و زین)) کرد. نووسخەیکی لە لای مەلایەک دانا، نوسخەیەکیش لە لای هاوڕێیەکی کۆنی، دانەیەکشی لای خۆی هێشتەوە. بەڵام دووانەکەی تر لە لایەن ئەندامانی ئەو دەستەیە لەناو بردران، دانەکەی تر، خانێ لای خۆی دانابوو. پیاوێکی ماڵاتی بە ناوی ((شەوکەت)) لە لایەن دەستەکە ڕادەسپێردرێت، دواترین دەستنووس لەناو ببات. ئیتر دواترین دەستنووسیش لە ئەحمەدی خانێ بە زەبر دەستێنرێت و بۆ شەوکەتی دەهێنن. ئەحمەدی خانێ لە حەشمەت ئەوە دەمرێت، بەڵام شەوکەت، خۆشی عەشقێکی ناکامی هەبوو، بۆیە بە خوێندنەوەی مەم و زین، پەشیمان دەبێتەوە لەوەی لەناوی ببات، ئیتر بڕیار دەدات دەستنووسەکە بپارێزت، بۆیە بە خێزانەوە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕادەکەن و دەچنە مەشهەد، لە ژێر ئیپراتۆریەتی سەفەوی، ژیان دەکەن، بۆ مناڵەکانی وەسیەت دەکات ئەو دەستنووسە بپارێزن، تا ئەوکاتەی کەسێک دێت و نیشانەکانی هەڵدەدات. ئەوکاتە دەستنووسەکە بەو بدەن. بەمەش ئەو دەستنووسە، نەوە دوای نەوە دەمێنێتەوە.

تا ئەو کاتەی، لاس دێتە مەشهەد و لە یەکێک لە نەوەکانی ئەو بنەماڵەیە، داوای دەستنووسەکە دەکات و نیشانەکان دەڵێت، ئیتر بە گوێرەی خەونی سێ پیاوە ئیرانییەکە، لاس دەبێتە فریاد ڕەسی دەستنووسەکە، بەڵام ئەوە کۆتایی نییە. لاس لە ئەربائیلۆ، دەستنووسەکە دەشارێتەوە. ڕۆژێک ئامۆزاکانی دنکەهەنار، چەتەکان، لە لایەن پیاوانی تورک ڕادەسپێردرێن، لاس بکوژن و دەستنووسەکەیان بۆ ببەن، ئەوانیش جێبەجێی دەکەن، لاس دەکوژن، بەڵام دەستنووسەکەیان دەستناکەوێت. ئیتر، پیاوە تورکەکان پەیوەندیان لەگەڵ چەتەکان تێکدەچێت و وازدەهێنن.

میلیاس بە زانینی ڕاستیەکان، دەگەڕێتەوە کوردستان، بەدوای لاسی برایدا دەگەڕێت. لە قەڵات، ژنە نەزۆکەکە، بەخێوکەری لاس دەدۆزێتەوە، لەوێش بە کۆتایی ڕووداوەکان دەگات، ئیتر، دەستنووسی مەم و زین چاپ دەکات و بڵاو دەکاتەوە.

دواجار، میلیاس دەگەڕێتەوە بەریتانیا، لە شەوی سەری ساڵ، لەگەڵ ئۆفیلیای بێدەموزار، دەچێتە دەرەوە. لەسەر ئەو پردەی کە دەکەوێتە سەر ڕووباری تۆماس، بۆ ئازاد کردنی مناڵێک، میلیاس خۆی دەکاتە ڕووبارەکە، بەڵام نە مناڵەکە ڕزگار دەکات، نەخۆشی پێ رزگار دەکرێت. ئیتر ئۆفیلیا لە حەشمەتان دەبوورێتەوە و دەکەوێتە نەخۆشخان. بەم حاڵەیەوە، دایکی دەیبات بۆ سەنتەرەی تایبەت بە نەخۆشی خەمۆکی.   

بیرۆبۆچوونی کەسی

سەرەتا دەمەوێت باسی شێوازی گێرانەوەکە بکەم، جۆرێکە ئاسان نییە بڵێیت نووسەر چۆن دەگێڕێتەوە، چۆنکە کەسی یەکەمی تاکی ((من))ی بەکار هێناوە، بەڵام ئەو ((من))ە ئاماژە بە هەمان کەس ناکات، بەڵکو کۆمەڵە کەسێکە. واتا کاتێک نووسەرە دەیەوێت، زانیاری لەبارەی وردەکاری پێشینەی ڕووداوێک بدات، ئەوە ڕاستەوخۆ، کەسایەتی ڕووداوەکە دەکاتە ((من)) و دەیگێڕێتەوە. بەمەش هەرجارە، ((من)) ئاماژە بە کەسێک دەکات. 

لەڕووی زمانەوە، زمانێکی خۆشی کوردی بەکارهێناوە، لە وشەی بێگانە بەدوورە، واتا وشەی ئینگیلیزو فەڕەنسی، هتد، تیادا بەدی ناکەیت، بەڵام لەوشەی زمانی ((فارسی و تورکی و عەرەبی)) بەدوور نییە. پێشتریش گوتوومە، زمانی کوردی زمانێکی تێکەڵە، ناکرێت، وشەی وڵاتانی دەورەوبەری تیانەبێت. 

لەڕووی کات و شوێنەوە، کەمێک سەختە بزانیت، ڕوودوای ڕۆمانکە لە چ شوێنێک و لە چ ساتێکە، چۆنکە نووسەر لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکی تر، لە شوێنێک بۆ شوێنیکی تر دەڕوات: لە سەردەمی عوسمانی بۆ ساڵانی هەشتاکان، پاشان بۆ ساڵانی دووهەزار دەڕوات،  لە جزیر و بۆتان بۆ مەشهەد، عێراق، بەریتانیا دەڕوات. بۆیە کەمێک ئاڵۆزە. 
هەروەها، ماردین، لەم ڕۆمانەدا، هەموو کەسایەتییە سەرەکییەکان دەمرێنێت، خانی، لاس، میلیاس، ئەحمەدی خانێ، سێ پیاوە ئیرانییەکە.... ئەوەش تایبەتمەندییەکی جیاوازە، لە ڕۆمانی نووسەرانی تر، بەو شێوەیە، کەسایەتییەکان نامرن.  

چەند وتیەیەکی جوان لە ڕۆمانەکەدا

((برادەرایەتی و ئیرەیی هەمیشە دراوسێی یەکترن، هەمیشە هەستی ئیرەیی بەرامبەر ئەو کەسانە دەمانگرێت، کە بە ئەندازەیەک  لیمانەوە نزیکن))

((ئەگەر لە ڕۆژی ماڵئاواییکردن لە تۆ من نەمردم، ئەوا تۆ لە ریزی دۆستان بە ئینسافدا حیسابم مەکە. "سەعدی شیرازی"))

((ئاخر ئێمەی کچان هەمیشە لە ناوەوە هەستێکمان هەیە و بە دەم شتێکی تر دەردەبڕین، ئێمەی کچان قەت حەز ناکەین کوڕان بەپێی ئەوە ڕەفتار بکەن، کە ئێمە دەیڵێین، بەڵکو پێمان خۆشە کوڕان بە دەم هاواری ناوەکی ئێمەوە بێن))

کورتەیەک لە ڕۆمانی ((خەونی پیاوە ئیرانییەکان)) - ماردین ئیبراهیم