vendredi 13 mars 2020

کورتەیەک لە ڕۆمانی ((تێنووەتی)) - ئەمێلی نۆتۆب


ناوی کتێب: تێنووەتی
ناوی نووسەر: ئەمێلی نۆتۆب
بابەت: ڕۆمان
دزگای بڵاوکردنەوە: ئەلبن میشێل - فەڕەنسا
نۆبەتی چاپ: چاپی یەکەم 2019
ژمارەی لاپەڕە: 160 لاپەڕە

نووسەر

ئەمێلی نۆتۆب، ژنە نووسەرێکی بەلجیکییە، بە زمانی فەڕەنسی دەنووسێت. کچی دیبلۆماتکاری بەلژیکی، پاتریک نۆتۆمبە، لە 13 ی ئابی ساڵی 1967، لە شاری (کۆبێ)ی ژاپۆن لەدایک بووە. لەوێ بە قووڵی تێکەڵی کولتوور و نەریتى ژاپۆنى بووە. یەکەم ڕۆمانى لە ساڵی 1992 بە ناوى (پاکیزەى پیاوکوژەکە) بڵاوبۆتەوە. کتێبەکانی زیاتر لە شێوەی (ئۆتۆبیوگرافیا) دەنووسێت، واتا ژیانی خۆی بە دەستی خۆی دەگێڕێتەوە. ئامانج لە نووسینەکانی، ناساندنی کولتوری ژاپۆنییە بە فەڕەنسی زمانان. بۆیە لە زۆرینەی ڕۆمانەکانی بەراردی نێوان کولتوری ژاپۆنی و ڕۆژئاوایی دەکات. لە ژیانی معریفیدا، چەندین خەڵاتى ئەدەبی بەدەست هێناوە لەوانە (خەڵاتى ئەکادیمیای فەڕەنسی، خەڵاتى ژۆن ژینۆ، خەڵاتى فلۆر). دواترین ڕۆمانێکی کە تا ئەوساتەی نووسیبێت، ((تێنووەتی))یە، لە ساڵی 2019 بڵاوبووتەوە.   

ڕۆمانی ((تێنووەتی))

دیوی دەرەوەی
ڕۆمانەکە لە ساڵی 2019، لە دەزگای چاپ و بەخشی ئەلبین میشێل، لە فەڕەنسا بڵاوبووتەوە. هیچ دابەشکردنێکی ژمارەیەی یان هێمای بۆ نووسینی کتابەکە نەکردوو، بەڵکو ڕاستەخۆ دەست پێدەکات، دوای نووسێنی چەند پەڕێک، ڕادەوەستێت و دەچێتە پەڕێکی نووێوە. خوێنەر تۆماتیکی هەست دەکات چووتە بەشێکی تر. لە کۆتای کتێبەکەش، بە هەمان شێوە، خالێک دادەنێت و دەوەستێت.  

تایتڵ

ئەمێلی کورترین تایتڵی بۆ ئەم ڕۆمانە داناوە، تەنها لە چوار پیت پێک دێت، ((سواف)) تێنووەتی. مانای تایتڵەکەشی بۆ دوو بار دەگەڕێتەوە، یەکەم، بۆ تێنووەتی عیسای مەسح دەگەڕێتەوە، کاتێک لەسەر خاچ هەڵواسراوە، لە خودا بێومێد بووە و داوای ئاو دەکات. دووەم، بۆ قۆناغی دووەمی ژیانی عیسا دەگەڕێتەوە، کە بە کوێرەی ئەمێلی، ژیانی عیسای مەسیح سێ قوناغ بووە، عیشق، تێنووەتی، مردن. بۆیە دەلێت ((بۆ ئەوەی هەست بە تێنووەتی بکەیت، پێویستە رۆحلەبەر بیت، جا من هێندە بەهێز هەستم پێکردووە، بوومە بە مردووێکی تێنووکراو، ڕەنگە هەرئەوەش مانای ژیانی تاهەتایی بگەینێت)). 

ناوەڕۆک

لەم ڕۆمانەدا، ئەمێلی جیا لەهەموو ڕۆمانەکانی تریدا، باس لە دواترین ساتەکانی ژیانی عیسای مەسیح دەکات. لە دادگاییەکەی بۆ زیندووبوونەوەی، ڕێک هاوشێوەی ئەوەی مێژوو دەیگێڕێتەوە، بێ هیچ دەستکارییەکی. وەلێ، لە ڕۆمانەکەدا، ئەمێلی هەستی خۆی لە ڕێگای کەسایەتی عیساوە دەگێڕێتەوە، واتا گێڕانەوەکە بە زاری کەسیی یەکەمی تاکی ((من))ە، ئەو ((من)ەش عیسای مەسیحە. وەلێ ئەوی دەیڵێت و دەیبێژێت، قسەی ئەمێلییە، نەوەک ئەوەی کە عیسا لە ژیانی ڕاستەقینە گوتبێتی، بۆیە ڕۆمانێکی فیکشنە (خەیاڵییە). زیاتر هەست و ڕووانینی ئەمێڵی پیشان دەدات، لەوەی ڕاستەقینەی عیسا پشان بدات، چونکە ئەوەی عیسا لە گێرانەوکەدا دەیڵێت لە ناخی خۆیەتی، لەوەی لەگەڵ دەورووبەر قسە بکات، هەموو گێڕانەوەکە لە ناوخ و مێشکی کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکەوەیە، دەورووبەر نە دەیبینن، نە دەیبیستن، نە هەستی پێدەکەن. فۆکسی گێڕانەوەکە لەسەر هەست و نەست، ڕوانین و تێفکرین، ئومێد و بێهوایی، ئێش و ئازاری عیساوەیە، عیسایەکی ئینسانی بێتوانا، هاوشێوەی بەنکراوەێکی داماو، لەوەی کەسایەتی پەیامبەرێکی ئاسمانی هەبێت.   
هەروەها، باس لە خۆشەویستی عیسا دەکات بۆ مادلێن (مریەم): بە گوێرەی ئینجیلی کەنعانی، مریم خەڵکی گوندی مەجدەل بوو، لە مزگێنی نوێدا، زۆر ناوی بردراوە. لە ئینجیلی لۆقا، ئەم ژنەیە کە عیسا لە شەیتا پاکی کردووتەوە. لە دوای دایکی خۆی، وەک قوتابیەکی ئافرەت، نزیکترین بووە لێی. جا ئەمێلی بە بوێری و ئازادی نووسەرایتی خۆی، لەم کتێبە خولیای خۆشەویستی عیسا بۆ مریەمی مەجدەلی دەوروژێنێت و ئاماژەی پێدەکات. 
هەروها باس لە ئیمان دەکات، بۆیە لە زمانی عیسای ڕۆمانەکەیەوە دەڵێت ((چۆن دەزانین ئیمانمان هەیە؟ بۆ یەکلایکردنەوەی هەبوونی ئیمان، پێیوست بە هیچ بیرکردنەوەیەک ناکات، وەک عیشق وایە، خۆمان وەک عیشق هەستی پێدەکەین)). 

ڕووداوەکان   

 هەروەک گوتمان، ڕووداوەکان ڕێک هاوشێوەی مێژووە، هیچ گوڕانێکی تیانییە. مەشهەدی گێڕانەوەکە لە دادگاوەیە، عیسا لە دادگا تاوانبار دەکرێت، پاشان تەنها دەکرێت تا بۆ ڕۆژی دواتر لە خاچی بدەن. لە تەنهایی بیر لە دایک و خۆشەویستەکەی، مریەمی مەجدەلی، دەکاتەوە، حەزدەکات باران ببارێت و لە خاچدانەکەی دوابخرێت. دەیبەن و لە خاچی بدەن: لێرەدا، هەست دەکات هیچ پەرچووێکی پێناکرێت، باوکی (خودا) پشتی تێکردووە، بۆیە بڕیاردەدات ((قووبڵ))ی چارەنووسەکەی بکات. لە  گۆلگۆتا، ئەو شوێنەی عیسا لە لایەن ڕۆمانیەکانەوە لە خاچدەدرێت: قامچی و ئێش و ئازار، قوڕ، باران، کۆمەڵی خەڵک، تەنهایی، داماویی، چەکوژ و بزمار، خوێن، تێنووەتی، بێهیوای، نەبوونی هاوکاری باوک، بیرنەکردنەوەی ئینسانەکان، مردن. دواتر، تەرمەکەی بە دایکی دەرێتەوە و دەیبەن بۆ ئەشکەوت و لەوێ بۆ هەمیشە دەیخەوێنن. لەوێ تەنها جێی دهێڵن، پاشان عیسای مەسح زیندوو دەبێتەوە. 

بیرۆبۆچوونی کەسی

بەڵێ، ڕاستی، ئەمێلی لە ڕووی زمانەوە، تابڵێیت ورد بەکاری دەهێنێت، واتا بە کەمێک وشە و تێڕم، مانایەکی زۆر دەدات، بەمەش کورت بڕی لە نووسین دەکات. بۆیە بەڕای من، خوێندنەوەی ئەمێلی ئاستێکی زمانی باشتی دەوێت. ناسینێکی باشی تێرمەکانی دەوێت. 
یاری بە وشەکان دەکات و وشەی غیرە فەڕەنسی بەکار دەهێنێت، لاتینی، ئینگلیزی، تەنانەت ژاپۆنیش. ئەمەش وادەکات، خوێنەر لە زمانی تر بگەڕێت تا مانای وشەکان بدۆزیتەوە. زۆر جار هەشە، وشە بێگانەکە وەک تێڕم بەکاردەهێنێت و پێناسەکەی لە پاڕاگرافی دواتر دەدات بە دەستەوە. 
لە زۆرێک لە ڕۆمانەکانی، حەز دەکات زیاتر باس لە هەستەکان بکات، تام و بۆن و بیستن، واتا لە ڕێگای هەستەکانییەوە خۆشی لە شتەکان دەبینێت و باسی دیاردەکان دەکات، لێرە لە ڕێگای هەستی تێنووبوونەوە، لە ڕۆمانەکانی تر (بیۆگرافیای برسیەتی) بە نمووونە لە ڕێگای هەستی برسیەتییەوە. پیموایە تێگەیشتنی ئەمێلی بۆ جیهانی دەورووبەری لە ڕێگای هەستەکانییەوەیەتی. 
بە گشتی، خۆشیم لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکا دێت، لە سایەوەی ئاشانای دواترین ساتەکانی ژیانی عیسا دەبین، بەڵام بە هەست و ڕوانینی ئەمێلییەوە، بۆیە هانی هەموو کەسێک دەدەم بیخوێنێتەوە. 

چەند وتیەیەکی جوانی ئەمێلی لە ڕۆمانەکەدا

(( من ئیماندارم. ئەو ئیمانەش هیچ مەبەستێکی نییە. بەو مانایە نایەت کە من بڕوام بە هیچ نییە. بڕواهەبوون تەنها بە مانا ڕەها فرمانییەکەیەوە جوانە. ئیمان هەڵوێستە نەوەک گرێبەستێک. هیچ خانەی هەڵبژاردنێک نییە، کە  تۆ ((تک)) سەح لە یەکیان بدەیت)).
((بۆ ئەوەی هەست بە تێنووەتی بکەیت، پێویستە رۆحلەبەر بیت، جا من هێندە بەهێز هەستم پێکردووە، بوومە بە مردووێکی تێنووکراو، ڕەنگە هەرئەوەش مانای ژیانی تاهەتایی بگەینێت))
((چۆن دەزانین ئیمانمان هەیە؟ بۆ یەکلایکردنەوەی هەبوونی ئیمان، پێیوست بە هیچ بیرکردنەوەیەک ناکات، وەک عیشق وایە، خۆمان وەک عیشق هەستی پێدەکەین))
((مردن، باشترە لە مەرگ، بەهەمان شێوە، خۆشویستن زۆر باشترە لە خۆشەویستی. جیاوازی گەورەی نێوان من و باوکم لەوە دایە، ئەو لەگەڵ خۆشەویستی دایە، کەچی من خۆشویستن. خودا دەڵێت کە خۆشەویستی ئەو بۆ هەموو کەسێکە. کەچی من خۆشەویستی ئەنجام دەدەم، دەبینم ئەستەمە هەموو کەسێکم بە هەمان شێوەیی یەکتر خۆش بووێت)). 
((عیشقی خودا، وەک ئاو وایە، هەرگیز تێرنابی لێی. تا زیاتر لێی بخۆیتەوە، زیاتر تێنووی دەبیت. دوجار لەزەتێکی لێدەبینیت کە لە بەهای ئارەزووکردنی کەمناکاتەوە)).   
((باوکم جۆرێکی سەیری روحلەبەری دروستکردووە: یان کەسانێکی زۆڵن خاوەن بیروڕای خۆیانن، یان کەسانێکی میهرەبانی بێ عەقڵن)). 

ڕۆمانی ((تێنووەتی)) - ئەمێلی نۆتۆب