samedi 29 février 2020

کورتەیەک لە کتێبی ((چەند نامەیەکی فەڕەنسی)) - فەرهاد پیرباڵ



ناوی کتێب: چەند نامەیەکی فەڕەنسی 
ناوی نووسەر: فەرهاد پیرباڵ 
بابەت: نووسراو
دزگای بڵاوکردنەوە: سەنتەری ڕووناکبیری هەتاو 
نۆبەتی چاپ: چاپی دووم 2006
ژمارەی لاپەڕە: 124 لاپەڕە
نووسەر
فەرهاد پیرباڵ نووسەر، شاعیر، گۆرانی بێژ، وێنەکێش، شانۆکار، ڕەخەنەگر و فەیلەسوفێکی کوردە. لە ساڵی (1961) لە شاری هەولێر، لە باشوری کوردستان لە دایکبووە. لە ساڵی (1984) لە زانکۆی سلێمانی خوێندنی لیسۆنسی لە زمان و ئەدەبی کوردی تەواو کردووە. لە هەمان ساڵ، چووتە ڕێزی نووسەرانی شاخەوە، لەوێ یەکەم کتێبی، کە شانۆنامەیەکە، بە ناونیشانی "ماڵئاوا ئەی وڵاتەکەم" چاپکردووە. لە ساڵی (1986) کورستانی جێهێشتووە و بەرەو فەڕەنسا ڕۆیشت. لە بواری ئەدەبی کوردی لە زانکۆی سۆربۆن درێژی بە خوێندنی دا، لە ساڵی (1994) دکتۆرای لە بواری «مێژووی نوێی ئەدەبی کوردی»دا بەدەست هێناوە و لەهەمان ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ کورستان، لە زانکۆی سڵاحەددین بووە بە مامۆستای زانکۆ. سەنتەری شەرفخانی بەتلیسی لە هەولێر دامەزراندووە. لەگەڵ "تەرزە جاف" هاوسەرگیری کردووە و دوو منداڵی هەیە (کوڕێک و کچێک)، بەناوەکانی "ڕۆدن"، "تنۆک".  دواتر، لەگەل خێزانەکەی جیابووتەوە.
دیوی دەرەوەی
کتێبەکە لە ساڵی (2006) چاپی دووهەمی لە لایەن دزگای سەنتەری روناکبیری هەتاو بۆکراوە. کتێبەکە بە وتەیەکی "گۆران" دەست پێدەکات. بە (29) فاکس یان یەکە ناوەڕۆکی کتێبەکە تەواو دەبێت، ئینجا، بە بەرهەمەکانی تری فەرهاد، کۆتایی دێت. لە بەرگی پێشەوەی، بەزمانی کوردی تایتڵ و نوسەر، چاپ و دەزگاکە نووسراوە و بە وێنەیەکی فەرهاد لە بەردەم پەیکەرێک لە فەڕەنسا دیکۆڕ کراوە. کەچی بە زمانی فەڕەنسی لە بەرگی دواوە، تایتڵ و ناوی نووسەر نووسراون، بە وێنەیەکی فەرها لە پاریس رازاوەتەوە.
تایتڵ
لەبارەی تایتڵی کتێبەکە، فەرهاد وشەی نامەی لە تایتڵ بەکار هێناوە، کەچی لەناو ڕۆمانەکە ئاڵوگۆڕی نامەکان لە ڕێگای ڕێخراوە ناحکومیەکانی ئەوکاتی عەنکاوە، بە فاکس کراوە. کەواتا خۆی لە خۆیدا چەند فاکسێکە لەنێوان ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی و بەڕێوەبەرێکی فەڕەنسی لە پاریس ئاڵۆگۆڕ دەکرێت.
ناوەڕۆک
ناوەڕۆکی ئەم کتێبەی فەرهاد، لە ڕوانگەی ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی، باس لە جیاوازی کولتوری میللەتی کورد و میللەتانی ڕۆژئاوا دەکات. لێرەدا، مەبەست لە کولتور، بە مانا گشتییەکەییەتی: ((زمان، سیاسەت، نەریت، دین، نەژاد، شێوازی ژیان، ڕاگەیاندن، عەقڵیەت، ئێتنیک، مێژوو.....هتد)). بە شێوەیەکی تر، باس لە مێژوی کورد، دوو ئیدارەی، زۆنی سەوز و زەرد، زمان و نەریت، باڵا دەستی حزب بەسەر زانکۆکان و یەکە ئیداریەکان، عەقڵی دواکەوتووی بەرپرسان، بەفیڕۆدانی کات و گرنگ نەبوونی کات لە لای کورد، خولخواردنەوەی نەوە نوێکانی کورد لە هەمان ڕێچکەی نەوە کۆنەکانیانەوە، نەبوونی کتێبخانە و ئەرشیفی نیشتیمانی...هتد.  ڕوداوی کتێبەکە لە ساڵانی نووەدەکان تۆرمارکراوە، واتا دوای دروستبوونی یەکەم حکومەتی کوردی، لە نێوان زۆنی سەوز و زەرد ڕوویانداوە و ئەزموونکراون، ڕێک دوای چەند ساڵێک لە ڕاپەڕینی کورد لەعێراق.
ڕووداوەکان   
 ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی، بە ڕەچەڵەک ڕووسی ((فرێدریک بۆڵمۆندۆ))، کار بۆ تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە فەڕەنسییەکان دەکات، لە ساڵانی نۆوەدەکان، دوای دروستبوونی حکومەتی کوردی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق، لە پاریسەوە دەگات بە هەولێر. بە ئامانجی رووماڵکرنی چەند هەوالێک، و ئاگابوون لە ڕووداوەکانی ئەو ناوچەیە، بۆ ماوەی سێ مانگ ئیقامە وەردەگرێت، بە گوێرەی کارەکانی لەم ماوەیە، کاری ڕۆژنامەوانی خۆی دەکات. لە هەمان کات لەگەڵ هاوکارەکەی ((کریستۆف کلۆدێل)) لە پاریس، دەست دەکات بە ئاڵوگۆڕی نامە و فاکس. هەرچییەک ڕۆژانە دەبینێت و ئەزموونی دەکات، بە جیاوازی پێکردنیان لەگەڵ کولتوری ڕۆژئاوایی، بە تایبەتی فەڕەنسی، لە نامە و فاکسەکان بۆ هاوکارەکەی دەگێڕێتەوە. ئەویش لە پاریس، لە گۆشەیەکی گۆڤاری "لو پوان" بڵاویان دەکاتەوە. بەمەش پۆختەیەکی ژیان و کولتوری ئەوکاتی میللەتی کورد و بەرپرسان، بە فەڕەنسییەکان دەگەینێت. ئیتر، تا کۆتایی، کتێبەکە، لە هەر بەشێک باس لە بابەتێکی کولتوری ئەوکاتی کورد دەکات و بە کولتووری ڕۆژئاوای بەراوردی دەکات.
بیرۆبۆچوونی کەسی
بەڵێ، ئەوەی ڕاستی بێت، بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، هەرکوردێک هەست بە خۆیی و میللەتەکەی خۆی دەکات، بەتایبەتی لە ڕووی کولتووریەوە، چۆن مرۆڤێک بە خوێندنەوەی کتێبە سایکۆلۆژییەکان هەست بە خۆی و هەلسوکەتەکانی دەکات، ئاواش کورد بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە هەست بە کولتور و شێوازی ژیانکردنی دەکات. ئەوەش ئەوە نیشان دەدات کە فەرهات لەو کاتانە هەستی بە کولتوری نەتەوەکەی خۆی کردووە، زانیویەتی لە کوێ جیاوازی هەیە و لە کوێ کەمووکوڕی هەیە. من بە تەواوەتی هاوڕام لەگەڵی، زۆرێک لە دیاردەکان تا ئیستاش بوونیان هەیە، بۆ نموونە، نەبوونی ئەرشیفێکی نیشتیمانی، کتیبخانەیەکی نیشتیمانی، باڵا دەستی حزب بەسەر زانکۆکان و یەکە ئیدارییەکان، عەقڵی نەوەی کۆن و نەوەی نوێ لە کۆمەڵگا، ئەمانە تا ئێستاش هەر هەن و کاریان بۆ نەکراوە.  
لە ڕووی زمانەوەانییەوە، فەرهاد، زمانێکی تێکەڵی بەکارهێناوە، واتا لە پاڵ کوردییەکە وشەی عەربی و فارسی و فەڕەنسی و جار جارە ئینگلیزیش هەن. من پێموایە، هەرکەسێک بییەوێت بە زمانی کوردی کتێبێک بنووسێت، ئەوە زۆر ئەستەمە بتوانێت خۆی لە زمانی تێکەڵ بە دوور بگرێت، ئەمەش بە هۆی سروشتی زمان و ژێیۆپۆلیتیکی زماکەوەیە، بەڵام لە خالێک هاوڕانیم لەگەڵ فەرهەد، ئەویش ئەویە، پیتی (ص)ی هێناوەتە ناو زمانی کوردی، بۆ نموونە (صەد)، (لە صەدا صەد)، (صەدام)، بەو حەرفە نووسیووە، بەڵام لە کوردیدا، ئەو پیتەمان نییە، بۆیە من بە هەڵەی دەزانم، سیستەمی نووسینی  میللەتێک دەستکاری بکرێت و گۆڕانی بەسەردا بێت بۆ چەند وشەیەک، بەڵکو دەبێت وشەکان خۆیان، بە گوێرەی فۆنەتیک و پیتی زمانەکە، گۆڕانیان بەسەردا بێت و ببنە بەشێک لە زمانەکە، نەوەک زمانەکە ببێتە بەشێک لە وشەکان. 
لە ڕووی نووسین و وەرگێڕانەوە، ناڕوونییەک لە خاوەنداریەتی نووسینەکەدا، هەیە، ئایە نامەکان لە گۆڤاری لو پوان وەرگیراون و وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی؟ یان فەرهاد خۆی ئەم سیناریۆیەی وا دارشتووە؟ چونکە لە پوختەی کتێبەکە لە لاپەڕەی یەکەم، نووسراوە، کتێبەکە لێکۆڵینەوەیەکە، کەچی لە پیشکەشکردنەکە، نووسراوە، بەڕێوەبەری یو ئێن سروشتی ئەو نووسینەی بە فەرهاد بەخشیوە، بەڵام لە ناوەڕۆکی نامەکان، لە لاپەڕە (84) ڕۆژنامەنووسەکە دەڵێت گەر ڕۆژێک ئەم وتارەم وەرگێڕنە سەر زمانی کوردی سودێکی باشی بۆ کوردەکان خۆشیان دەبێت. کەواتە نووسراوەکە هی خۆیەتی یان وەرگێڕدراوە؟  
چەند وتیەیەکی جوان لە کتێبەکەدا
((ڕۆژهەڵاتییەکان چاویان بڕیوەتە ئاسمان، لەبەر ئەمەیە کە لە سەرەتای ژیانیانەوە چۆن بوونە هەر وا ماونەتەوە و لە جێی خۆیان چەقیون و پێشکەوتنیان بۆ نییە؛ بەڵام ڕۆژئاواییەکان چونکە دەزانن هۆی ژیانیان لەسەر ئەرزە، هیچ بەتەنگ ئاسمانەوە نین، چاویان بڕیوەتە دەوروپشتی خۆیان.... گۆران))

((ئەم دوو حزبە فەرمانڕەوایە، لە زۆنی هەولێر و سلێمانیدا، نەک هەر تەنیا نەیانتوانیوە ئاسەوارە کۆنەکانی رژێمی بەغدا لەسەر خۆیان بسڕنەوە و بێن سیستەمێکی نوێ بۆ پێکهاتەی وەزارەت و دەزگا و زانکۆ و بەڕیوەبەرایەتییەکەیان دابمەزرێنن، بەڵکو بەهێنانە ناوەوەی ئەو میکانیزمەی لە ئێرانەوە و لەلایەکی دیکەشەوە لە تورکیاوە سەپاوەتەوە سەریان، سەریان لە میللەتەکەی خۆیان و تەنانەت سەریان لە رووناکبیر و هونەرمەند و نووسەرەکانیشیان شێواندووە))

((ئایە ئەمە واتای چی دەگەینێ: بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە، ئەو هەموو شتە دەمرێت و دەژیەتەوە، کەچی هیچ کتێبێک بڵاونەکرێتەوە کە گرنگ بێت یان ئاژاوەیەک بنێتەوە؟ ئایە ئەمە واتای ئەو ناگەینێت کە ئەو جیلەی پێشووی مردووە، بەو جیلەشەوە کە ئێستا لە ژیاندایە، نەژیاوە؟ لە وڵاتێکدا کە زەمانێکی زۆر بێت کتێبێکی باش و ئاژاوەگێڕی تێدا بڵاو نەکرابێتەوە، ئەمە مانای وایە کە خەڵکەکەی (یان بەلای کەمەوە نووسەر و هونەرمەند و ڕووناکبیرەکانی) نەژیاون؛ یانیش بەلای کەمەوە مانای وایە کە هیچیان بیر ناکەنەوە))

((ئەوەی چوو؛چوو. قەیناکە، بەڵام ئەمە بۆ تۆش جێگەی خەفەت نییە کە ئەم کوردستانە گەورەیە مۆزەخانەیەک و ئەرشیفخانەیەکی ئەوتۆی تێدا نەبێت بۆ ئەوەی بێگانەیەکی وەکو من (یان هیچ نەبێ خۆیان) ئاورێک  بدەنەوە و بزانن (هیچ نەبێ 65 ساڵ پێشتر) چۆن ژیاونو چۆن بیریان لە دنیا کردۆتەوە؟ ))

((پێم سەیرە دەڵێن 376 مزگەوت لەم شارە (هەولێر) هەیە؛ کەچی تەنیا یەک کتێبخانەی گشتی لێیە. ئەم تاقە کتێبخانە گشتییە بۆ نزیکەی یەک ملیۆن نفووسی ئەم شارەیە))

((مرۆڤی کورد و داهاتووی کوردستان پێویستە فیکر و فەلسەفە و زانستەکان رێبەرایەتییان بکات، نەک ئەو کەفوکوڵە عەنتیکانەی "شیعر"))

((کورد فەزڵی ئەورووپای، زیاتر لە فەزڵی دراوسێکانی، بەسەرەوە هەیە. دراوسێکانی کورد چیان بۆ کورد کردووە؟ جگە لە کوشتن و بڕین، جگە لە قەتلوعام و بێ بەری کردنیان؟ جگە لە ژێردەستەکردنی و ڕاهێنانیان بە ترس لە ئازادیی خۆیان؟ دەڵێن ئەستەمبۆڵ ئیستاش هەرچی بەڵگەنامەیەکی لەبارەی کوردەوە هەیە، قفڵی داوە و ڕێگە نادا نەک کورد بەڵکو غەیرەکوردیش بیانبینێ))

((هەولێر و سلێمانی دوو زۆنی لە یەکتر جیاوازن، هەر لایە و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە: وەک ئەوەی لە حکومەتێکەوە بڕۆی بەرەو حکومەتێکی دیکە))

((لێرە، لە کوردستان، هەرگیز ناتوانی بڵێیت "سبەینێ، لە فڵان سەعات و دەقیقە، لە فڵان شوێن ئامادە دەبم، چونکە هەمیشە لەمپەرێک، کۆسپێک لەناکاو دێتە پێشەوە و ڕێگەت لێ دەگڕێت. ))

((لەم وڵاتەدا، بە هیچ شێوەیەک رێز لە "کات" ناکیرێ))

((کوردستان بەڕاستی ، وڵاتی نووستنی تواناکان، وڵاتی کوژرانی بەهرەکانە))

((ژیانی شەو لە کوردستان کوژاوەتەوە؟! مەبەستم لە کوژانەوەی ژیانی شەوە، کوژانەوەی گڵۆپ و ئەلیکتریک و کارەبا نییە؛ هەر ژیان خۆی، ژیانی مرۆڤی کورد، بە شەوان، کوژاوەتەوە! ژیان –خۆی ، بە واتای پڕ بە پێستی وشەکە، ژیان بە شەوان لە کوردستاندا، کوژاوەتەوە! یەعنی، دەتوانم بڵێم: مرۆڤی کورد بە شەوان، لە کاتژمێر شەشی ئیوارەوە تا حەوتی بەیانییەکەی ڕۆژی دووەم، دەمرێ. ناژیت. ئێمە لە ئەوڕووپا، جوانترین ئەو ژنانەی دەیانناسین، بە شەو دەیانناسین. ئێمە لە ئەوڕووپا، خۆشترین کاتەکانی ئیسراحەتمان و زۆربەی گفتۆگۆکانمان هەر بە شەوانە. ئێمە لە ئەوڕووپا، زۆربەی ئەو شانۆگەرییانەی دەیانبینین و ئەو فلیمانەی سوود و چێژیان  لێ وەردەگرین، هەر لە کاتی ژیانی شەوانە))

((لە کولتووری ڕۆژئاوادا، کوڕ کاتێ دەگاتە تەمەنی 17- 18 ساڵ، ئیتر لە هەڵبژاردن و بڕیارەکانی خۆیدا ئازادە، کەچی لێرە – لە ڕۆژهەڵات ـ کوڕ پابەندی گیرفان و عەقڵ و بڕیاری و هەڵبژاردنەکانی باوکییەتی. خۆش لەوەدایە، گەلێک لە ڕووناکبیرانەی تەمەنیان لەنێوان 20-30 سالیدایە، وتار دژی باوکسالاری بڵاودەکەنەوە: کەچی لە ماڵەوە جەسارەت ناکەن جگەرەیەک لە حزووڕی باوکیان بکێشن))

((ڕۆژئاوا هی کوڕە، بەڵام ڕۆهەڵات هی باوکە، چارەنووسی ڕۆژئاوا هەمیشە بەدەستی کوڕ (بەدەستی جیلی نوێ) بەڕێوەدەچێت، بەڵام چارەنووسی ڕۆژهەڵات هەمیشە لەدەستی باوک (لەدەستی جیلی کۆن) دەمێنێتەوە. 
بەکورتی: لە ململانێی عەقڵی کۆن و عەقڵی نوێدا، لە ململانێی زەوقی کۆن و زەوقی نوێدا، ڕۆژئاوا پێشدەکەوێت و ڕۆژهەڵات هەر دەمێنێتەوە. ئەوەیە ئیتر، تاکەکەس ((کوڕ)) لە ڕۆژهەڵاتدا تا هەتایە لەژێر نێڵی نەسلی کۆندا، دەڕزێتەوە))

((لە گۆشەی پێشوودا باسی ئەوەم کرد کە کوڕ ـ خۆی بێ جەسارەت و دەستوپێ سپییە، توانای ئەوە نییە بزانێت بتوانێت یاخی ببێت و گۆڕانکارییەکان بکات. لەوانەیە لەمەشدا دیسان خەتا خەتای نەسلی کۆن (باوەکەکان) بێت کە کوڕەکان و نەسلی نوێیان وا ڕاهێناوە کە لە سەربەستیی خۆیان بترسن، نەوێرن تەنانەت بیریش لە خۆشکرنی ژیانی خۆیان بکەنەوە، کوردستان، ڕاستە، نەسلێکی کۆن و عەقڵێکی کۆن بەڕێوەی دەبات؛ بەڵام هاوزەمانی ئەمە نەسلێکی نۆێ و عەقڵێکی نوێی ئەوتۆش تازە خەریکە دەرکەتووە کە بای ئەوەندەی لە دەست دێتەدەر کە بتوانێ ئومێدی داهاتوو بێت))

(( کوردەکان خۆیان پەندێکی پێشینانیان هەیە دەڵێت "سەری دوو بەرانان لەناو مەنجەڵێکدا ناکوڵێ". ئەمە لە کاتێکدا کە کوردستان ئەمڕۆ لەوە دەچێ نەک سەری دوو بەران بەڵکو سەری پێنچ شەش بەانی پێکەوە تێدا دەکوڵێ: کۆن و نوێ لەیەک کاتدا، پیر وگەنج لە یەک کاتدا، شارستان و گوندی لە یەک کاتدا، ئەوڕووپادیدە و عەشایەرێک لە یەک کاتدا...))

((بە کورتییەکەی: شاری سلێمانی ژنێکی جاحێڵی دڵتەڕە، گۆرانی ڕەنگین دەڵێت و سەما دەکا؛ کەچی هەلێر پیاوێکی تەمبەڵ و بێ تاقەتە، هەزاران ساڵە لەسەرپشت ڕاکشاوە و هیچ ناکا تەنیا تەماشای منارە قیتەکەی خۆی دەکات و باوێشک دەدا...))

((دەڵێن تا ئیستاش سەرۆک پەرلەمانی کوردستان بە سەرکردەی حزبێکی باڵادەستی کوردستان دەڵێ " سەرۆک!"؛ هەروەها دەڵێت تا ئیستاش لە ڕۆژی زانکۆدا سەرۆک حزبەکان دەچن سەرپەرشتیی ڕۆژی زانکۆ دەکەن. بەکورتییەکەی: حزب لە کوردستاندا دەستی درێژ کردۆتە ناو زانکۆ و دەزگا جۆراوجۆرەکان و تەنانەت پەرلەمانیش))

فەرهاد پیرباڵ