mercredi 5 juin 2019

کورتەیەک لە ڕۆمانی كۆشکی باڵندە غەمگینەکان - بەختیار علی


کورتەیەک لە ڕۆمانی کۆشکی باڵندە غەمگینەکان - بەختیار علی

ناوی کتێب: کۆشکی باڵندە خەمگینەکان
ناوی نووسەر: بەخیتار علی
بابەت: ڕۆمان
دزگای بڵاوکردنەوە: ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە
نۆبەتی چاپ: چاپی چوارەم 2016
ژمارەی لاپەڕە: 478 لاپەڕە

نووسەر

بەختیار علی نووسەرێکی دیاری کوردستانی عێراقە، لە ساڵی 1960 لە سولێمانی لە دایکبووە. شیعر، ڕۆمان، مەقالە، ڕەخنە و شیکردنەوە لە بەرهەمەکانی ئەون. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی دواناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە. لە بەشی جیۆلۆجی لە زانکۆی سلێمانی خوێندنی باڵای دەستپێکردووە، پاشان لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواوی کردووە. لە کوردستان و لە ئەڵمانیا ژیاوە و دەژیت. کەسێکی فرەزمان و فرە کلتورە، بە هەریەک لە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، ئەڵمانی و ئینگلیزی قسە دەکات. هەندێک لە ڕۆمانەکانی بۆ سەر چەند زمانێکی زیندو وەرگێڕدراون، لەوانە ئینگلیزی، فارسی، ئەڵمانی و فەڕەنسی. لە ڕێگای نووسینەکانیەوە، چەندین بابەتی بڤە باس دەکات و ڕاستییەکان نیشان دەدات، لەوانە شۆڕشی کوردی، جینۆسایدی ساڵی 1988 ی سەدام حسێن، پەیوەندی بەرپرسان و ڕووناکبیران، شەڕی براکوژی، ڕووداوەکانی ساڵانی سەدەی بیست و بیست و یەک، هتد. بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1983 دەستی بە نووسینی شعرەکانی ((نیشتیمان)) کردووە.

ڕۆمانی "کۆشکی باڵندە غەمگینەکان"

دیوی دەرەوەی

ڕۆمانەکە لە ساڵی 2012 بڵاو بووتەوە، لە ساڵانی دواتر، چەندین جار چاپکراوەتەوە، ئەوەی بن دەستی من، چاپی چوارەمی ساڵی 2016یە. لە (478) لاپەڕە، ڕووداوی ڕۆمانەکە گێڕدراوەتەوە، بە جۆرێک بە (58) سێن یان ئاکت، ڕووداوەکان بەرەو پێشەوە زنجیرە دەکەن و ڕۆمانەکە کامڵکراوە. بە دانیشتنێکی سێ قۆڵی کەسایەتییەکان دەست پێدەکات و بە مردنێکی سروشتی کەسایەتی سەرەکەی ڕۆمانەکە کۆتایی دێت.  

تایتڵ

بەختیار تایتڵێکی سەرنجرکێشی بۆ  ئەم ڕۆمانەی داناوە، بە خوێندنەوەی نیوەی ڕۆمانەکە خوێنەر وا تێدەگات تایتڵەکە هیچ سەروکارێکی لەگەڵ ڕۆمانەکەدا نییە، وەلێ بە خوێندنەوەی تەواوی ڕۆمانەکە، سەرنجی دەگۆڕدرێت و تێدەگات تایتڵەکە پڕ بە پێستی ڕۆمانەکەیە. لە ڕووی ماناوە، کۆشک ئاماژە بە ماڵی دوو خۆشەویستەکە دەکات، ماڵێکی هێندە گەورەیە لە کۆشک دەچێت، هەرچی باڵندەکانە، ئەو تەیروتار و چۆلەکانە دەگرێتەوە کە هەرسێ عاشقەکە لە تەواوی دونیا بۆ کچە خوشویستراوەکە دەیهێنن و لە ماڵەکە هێلانە و قەفەزیان بۆ دادەمەزرێنن. هەرچی هاوڵناوی غەمگینە، ئەمەیان بۆ بێدەنگبوون و گۆڕانی باڵندەکان دەگەڕێتەوە: سەرەتا، کاتێک گەینرانە شارەکە بە دەنگێکی خۆش دەیاند خوێند، قیژوقاژێکی بێوینەیان لە شارەکە دروست دەکرد، وەلێ دوای کوژرانی ناپیاوانەی عاشقی براوە (کامەرانی سەلما)، ئەو قاژەقاژ و خۆشخوڵقیەیان نەما، زیاتر بێدەنگ و غەمگین دەیاننواند، وەک جاران نەیان دەخوێند، وردە وردەش، مەرگ زەفەری پێدەبردن. بە کورتی، ئەم بارەیان بارێکی غەمگین بوو، بۆیە بەختیار ڕۆمانەکە بە ((کۆشکی باڵندە غەمگینەکان)) ناوزەند کردووە.   

ناوەڕۆک

وەک هەموو ڕۆمانەکانی تری، ناوەڕۆکێکی ناوازیەی هەیە، باس لە خۆشەویستی دەکات، وەلێ خۆشەویستیەک لەنێو کۆمەڵگای کوردی، لە شارێکی کوردی (سلێمانی)، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو. خوشەویستییەک بیست ساڵ دەخایەنێت، زنجیرەی ڕووداوەکان زۆر دوور پەل دەکێشێت، بە شەڕی ئیران وعێراق، عێراق و کوێت، شکانی حزبی بەعس، پێکهینانی یەکەمین حکومەتی کوردی، شەڕی ناوەخۆ، رووخانی حکومەتی بەعس، یەکگرتنەوەی پارتی ویەکێتی و تا سالانی دوو هەزار حەفت و هەشت درێژ دەبێتەوە. لەگەڵ لگێڕانەوەی رووداوەکان، بە شێوەیەکی ئەدیبانە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باس لە مێژوی کوردی لە ساڵانی هەشتاو پێنج تا دووهەزار و هەشت دەکات، باسی خۆتڕێنی و خیانەتی هەردوو حزبی کوردی دەکات، باس لە سەر پێکنەهاتنیان و لەناوبردنی ئەم بۆ ئەویتریان دەکات.

ڕووداوەکان   

 سەوسەنی گوڵدان چی، کە کەسەیاتی سەرەکی ڕۆمانەکەیە، کچێکی قەشەنگ بەڵام جیاواز لە هەموو کچانی تری شارەکەیەتی، جیاواز لە رووی عەقڵ و دونیابینیوە، جا دونیابینینێک لەنێو کتیب و ئەتەلەس و ئۆنسیکلۆپیدیاکانی باوکییەوە بۆ خۆی فەراهەمی کردووە، لە کتێبخانەکەی باوکی پەروەردە بووە. سێ کوڕ، هەریەکەیان لە چینێکی جیاوازی کۆمەڵگای کوردی ئەو کات، دەکەونە بەربەرەکانێ و خۆشویستنی: یەکیان جەقوکێشێکی شار(کامەرانی سەلما)ە، سەر بە پیاوانی عەشایەر و نەخوێندوارە، ئەوی تریان (مەنسور ئەسرین) کەسێکی خوێنەدەوار، سەرە بە چینی ئەیدبان و گۆرانیبێژو شاعیرانە. هەرچی سێیەمیانە (خالید ئاموونە)، کوڕێکی بازرگانە، سەر بە عەشیرەتێکی دەستڕۆیشتووی کۆمەڵگایە، عەشیرەتێک پیاوانی دەوڵەت دەناسن. کامەرانی سەلما هەر لە سەرەتاوە مەنسور ئەسیرن بە بەر چەقۆ دەدات، وەلێ نایکوژێت، خالید ئاموون هەر لە زووەوە نیازی کچەی هەبووە، ئەمە دەبێتە سەرەتای رووداوی ئەم ڕۆمانە. سێ داواکار، هەریەکەیان ئامادەن لە پێناو بەدەستهێنانی سەوسەنی گوڵدانچی، پیاو بکوژن، ژیانی خۆیان بەختبکەن. کێ دەتوانێت لە نێوان سێ عاشقی ڕاستەقینەی ئاوا، بڕیار بدات؟ وەلێ سەوسەن، کچێکە حەزدەکات پیاوێک ببێتە هاوسەری کە لە پیاوانی شارەکەی نەچێت، کەسێک بێت دونیای بە گەورەیی خۆی بینیبێت، کەسێک بێت لە شەڕو شۆڕی شارەکەی بەدوور بێت. ئیتر، بەڵێن لە هەرسێ داواکارەکەی وەردەگرێت و ناوی سەد چۆلەکەیان دەداتێ، داوایان لێدەکات لە ماوەی (8)ساڵ بچن لەتەواوی دونیا بگەڕێن و ئەو چۆلەکانە بێنن، کامەیان توانی ئەوە بکات و باشترین بێت، ئەوە شوو بەو دەکات. وەلێ هەشت ساڵ، ڕۆژێک نییە، لەم ماوەیەدا هەموو شتێک دەکرێت پێچەوانە بێتەوە و بگۆڕێت، وەلێ هەرسێ عاشقەکە رازی دەبن و گەشت دەکەن. باشە کۆتاییەکەی چی دەبێت؟ با من پێت بڵێم، مەنسوڕ نەسیرین، لە ماوی هەشت ساڵ چۆلەکان دەهێنێت، وەلێ لەگەڵ تەسلیمکردنیان، ڕۆژی دواتر شار جێدەهێڵێت و واز لە داواکاریەکەی دەهێنێت، چونکی لەم ماوەیە بووە بە گەریدەیەکی جیهانی، ناتوانێت لە شارێک لە پاڵ ئافرەتێک دانیشت و ژیان بکات. کەچی کامەرانی سەلما باڵندەکان دەهێنێت و بە سەڵامەتی دەیانگەینێتە خۆشەویتستەکەی، بەڵام خالید ئاموون، لەگەڵ گەیشتنەوەی بە شار، باڵندەکانی لە لایەن کەسێکی نەناسراوەوە بەر ساچمە دەدرێن. ئیتر، سەوسەنی کوڵداچی، لە نێوان کامەران و خالید، لەنێوان چەقۆکێش و بازرگان، چەقۆکێشەکە هەڵدەبژێرێت و شوو بەو دەکات، بەڵام ئەم خۆشییە هەروا بە ئاسانی ناچیتە سەر. لە ساڵی نۆوەدەکان، لە کاتی براکوژی، بە شێوەیەکی ناحەقان و ناپیاوانە ئاموونیەکان کامەرانی سەلما دەکوژن، بەمەش سەوسەن بە بیوەژنی دەمێنێتەوە. ئیتر لە کۆتایی ڕۆمانەکە لە ماڵەکەی لە ژووری خەوتنەکەی، لەنێو جێگاکەی، گەشتێک دەکات و هەرگیز بۆ ئەم دونیایە ناگەڕێتەوە. 

بیرۆبۆچوونی کەسی

بەڵی، ئەوەی ڕاستی بێت، بەگشتی من خۆشی لە خوێندنەوەی نووسنیەکانی بەختیار دەبینم، بەڕاستی زمانێکی زۆر جوان دەنووسێت، وشە لە شوێنی خۆی بەکاردەهێنێت، وشەگەلێکی جیاواز بۆ هەمان مانا بەکاردەهێنێت.  لە دەربڕین بێ هاوتایە، یەک دیاردە بە دوو، سێ شێوەی جیاواز دەردەبڕێت، هەریەکەیان وشە و ڕستەی جیاوازن لەوەی تریان. لە وەسف، دەتوانم بڵێم توانایەکی هەیە کەم کەس دەتوانێت هەیبێت، جار هەیە بە سێ لاپەڕە وەسفی یەک کەس دەکات. خۆشترینی ئەوەیە باری سیاسی و ئابوری و ئەمنی سەردمە ڕاستەقینەکە تێکەڵ بە ڕوودوای ناو ڕۆمانەکەوە دەکات. 
بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە، جار هەبوو گڕیاوم، جاریش هەبووە پێکەنیووم، زۆربەی جارەکانیش بە پەرۆشییەوە دەمخوێندەوە تا دوای ڕووداوەکە بکەوم و ئەنجامەکەی بزانم. بۆیە پەشیمان نیم کە پێنج ڕۆژم لە خوێندنەوەی بەسەر بردووە. شتێک کە زۆر خۆشیم لێ دەبینی، تێکەڵ کردنی باری سیاسی و ئابووری سەردەمەکەیە بە رووداوەکانی ڕۆمانەکە، ئەمە سیفەتێکی بەختیارە لەگێڕانەوە، بەم تێکەڵکردنە جارهەیە هەستدەکەیت مێژوو دەخوێنیتەوە، وەلێ هەر لە ڕۆمانەکەدایت،  جا من لەزەت لەم گۆڕانە دەبینم، دڵینام هەموو خوێنەرێک لەزەت لەمە دەبینێت. سەختییەک لە خوێندنەوە ژیاندم، ناوی کەسایەتیەکان بوو. لە ڕوانگەی منەوە، ناوەکان جۆرێکن ناتوانرێت هەزم بکرێن. جا هەر بە تەنها لەم ڕۆمانەی وانییە، بەڵکو لەونی تری بەختیار ناوی سەیر و نەبیستراو لە کەسایەتیەکان دەنێت، ئایە ئەمە ویستی بەختیارە؟ یان لە فەرهەنگی بەختیار ناوەکان ناسراو ئاساین وە لە فەرهەنگی ئیمە ئاسایی نین و نەبیستراون؟ 
بەکورتی، بەڵێ، هانی هەموو کەسێک دەدەم ئەم ڕۆمانە بخوێنتەوە، هەم لەزەت بەخشە، هەم ناسیاوییەک لەگەڵ کۆمەڵگای کوردی و رووداوەکانی ساڵانی ڕابردوو فەراهەمدەکات. بەڵێ، بۆ خوێندنەوەی بەختیار. 

چەند وتیەیەکی جوانی بەختیار لە ڕۆمانەکەدا

((خراپترین شتی عەشق ئەوەیە کە هەموو بەرنامەکانتان تیکدەدا. تاکە جیاوازی نیوان ژن و پیاو ئەوەیە، عەشق ژنان بەو شێوەیە شێت ناکات، بەوجۆرە بەرنامەی خۆیان تێک نادەن..... پیاوان تاکە جۆری جانەوەرن خۆشەویستی بەوجۆرە سەریان لیتێکدەدا))

((جیهان تەنیا ئەو کاتە گەورەیە کە تۆ لیمەوە نزیک بیت، گەر تۆ دووربیت، هەموو زەمین بچووکە))

((ڕق ڕۆژێک لە ڕۆژان لە دڵی مرۆڤ نامرێت....دڵی بەشەر دەتوانێت ڕق بە جۆرێکی باشتر لە خۆشەویستی هەڵگرێت، ئەزموونی من لەگەل ژیاندا پێمدەڵێت، خۆشەویستی شتێکە دێت و دەڕوات، بەڵام ڕق ناڕوات، یان زۆر بەزەحەمەت دەڕوات....ڕەنگی دەگۆڕدرێت، بەڵام لەناوناچێت.))

((مرۆڤ لە جێگای خۆی ناجوڵێت، مانەوەی دووروودرێژ لە یەک جێگادا، کینە دروستدەکات.... مرۆڤ گەر کۆچبکات، گەورەیی دونیا تاقیبکاتەوە، کاتی بۆ شتی بچوک نامێنێت))

((بە قەبری عەزیزی هەمووان....ئیمە جگە لە حەیوانی خۆشباوەڕ هیچی تر نین.....پیاو تاکە حەیوانێکە لەسەر ئەم ئەستێرەیە کە خۆی بە زیرەک دەزانێت، لەبەرئەوە لە هەر حەیوانێکی تر بێمێشکترە))

((ئێمەی پیاوان دوو جۆرین، هەمانە لە گەنجیدا لەگەڵ ژنەکانماندا باشین و هەشمانە لە پیریدا باشدەبین، بەڵام باشترین پیاو ئەوانەن کە لە دوایدا دەبنە مێردیکی باش.))

((زۆربەی سەربازانی دونیا بە خۆشی خۆیان ناچن بۆ شەڕ. بەڵکو ئازارەکانی هەڵهاتن زۆر جار لە ئازارەکانی جەنگ قورسترە، بۆیە خەڵک هەندێکجار جەنگیان پێخۆشترە. هەندێ کەسیش بۆ ڕزگارکردنی ئازیزەکانیان لە ترس و دڵەڕاوکێ دەچن بۆ شەڕ))



كۆشکی باڵندە غەمگینەکان - بەختیار علی